یارسان مدیا
14.01.2022
ن: عەلی ئەسکەر خوسرەوی
بە ناوی خوای بێهاوتا!
سڵاو دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و ئاواتەخوازم ڕۆحی شەهیدانی سەرفرازی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان هەردەم شاد بێت. ئەو شەهیدانە کە گیانی شیرینی خۆیان فیدا کرد، تاکوو ئەوڕۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان، خاوەنی حکوومەت، دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی تایبەت بە خۆیان بن و لە سەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حیسابیان بۆ بکرێ.
بەڕێزان!
من لەم پەیامەمدا، ڕووی قسەم لە هەموو حیزبەکانی باشوور کوردستان بە گشتی و پاتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کورستان بە تایبەتییە کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە دیاریکردنی چارنووسی خەڵکی تێکۆشەری کورد کە قوربانی ئەنفال و کیمیاباران بوون لە لایەن ڕێژێمی جنایەتکار و دژە مرۆڤی بەعسی عێراق.
هاوڕێیانی ماندوو نەناس و تێکۆشەرم!
هەروەکوو هەموومان دەزانین حیزب ئامرازێکە بۆ خزمەت بە خەڵک. سادەتر بڵێم، حزب، حکوومەت و خەڵک تەواوکەری یەکترن. لە ڕەوشی ئاڵۆزی ئێستادا کە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت حکوومەتی فیدراڵی عێراقیش بە نیازخراپییەوە مامەڵە لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، باشترە بۆ پەسەنکردنی پۆستی سەرۆککۆماری لە عێراق، هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە کۆدەنگی و هاودەنگی لە گەڵ خەڵکەکەمان و بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی ، هەڵوێستی باش و گونجاو لە خۆیان نیشان بکەن. دڵنیا ن ئێوە بە یەکیەتی و هاودەنگی لە نێوان خۆتان دەتوانن بە سەر هەموو کەندوکۆسپە سیاسییەکاندا زاڵ بن و گەلەکەمان بگەێنن بە خواستە سیاسییەکانی خۆیان. وەک دەزانن یەکێک لەو شتانەی کە بووەتە هۆی نیگرانی و پەرۆشی خەڵکەکەمان، ناکۆکییە لە نێوان پارتی و یەکێتی لە بارەی دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆماری بۆ عێراق. بێگومان ئێستا کوردستان خاوەنی گەلێک مڕۆڤی سیاسەتزان، شیاو و کارزانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری. هەربۆیە باشتر وایە بە ڕاوێژ لە نێو خۆتاندا کەسێکی شیاو کە شارەزایی لە چەند زمان و بە تایبەتی زمانی ئنگلیزی دا هەبێت، هەڵبژێژن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە بواری یاساییەوە داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکات. بە باوەڕی من بۆ خۆتان کەسێکی دیپلۆمات و شارەزای سیاسی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری هەڵبژێرن، باشتر لەوەی پەنا بەرن بۆ حیزبێکی شیعە یان هەر حیزێکی دیکەی عێراقی
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و یەکیەتی بۆ حیزبەکانی باشوور و خەڵکی کوردستان بە ئاوات دەخوازم!
لە گەڵ ڕێزی دووبارەم
عەلی ئەسکەر خوسرەوی
هەڵکەوتی: ١٣ی یانیوەری ٢٠٢٢
ستۆکهۆڵم- سوێد
[wpforms id=”4110″ title=”true”]