هەنگاوەکانی تورکیا لە پێناو ئاشتی و بە دێموکراتیزکردنی وڵات کە پێشتر وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو و نموونەیی لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی بە ئەرێنی چاۆ لێدەکرا، ئێستا و بە تایبەت دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی مانگی جولای 2016 راست بە پێچەوانەی
ڕەوەندی دێموکراتیزاسیون هەنگاو بەرەو سیستمێکی توتالیتر و فاشیست هەڵدەگرێت. لە دوای ئەم کودەتایە حکومەتی ئاکەپە بە بەهانەی هاوکاری کودەتاچیان و لاینگری لە تروریزم بە دەیان هەزار لە ماموستایان، ڕۆژنامەنوسان، ئەفسەران، قازی و ئەندامانی هەدەپە و زۆرێکی دیکە زیندانی و لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و وەزعییەتی نائاسایی لە وڵاتدا بە داخستنی کاناڵ و ڕۆژنامەکان و ڕەشبگیرێ و توقاندن و پێشێلکردنی ئازادیە بنەڕەتییەکان، دەست بە سەرداگردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لە لایەن ئاکپارتی و ڕەجەب تەیب ئەردوغان بووتە ئەمری واقێع. ئەم زۆرەملی و پێشێلكردنی دیموكراسی و زەخت و گوشارکردنە لە سەر کوردەکان و بە تایبەت پارتی گەلان (هەدەپە) هەر ڕاست لە دوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرچاۆ دەستی پێکرد و توقاندن و ترساندن و زەمینە خوشکردن بۆ تەقینەوەکانی نیو ئەندامان و لاینگرانی هەدەپە بەشێک بوون لەو سیاسەتانە. کودەتای جولای کە ئێستا شک و گۆمانی لە لای زۆر کەس و لایەن دروستکردووە کە ئایا خودی ئاکپارتی و شەخسی ئەردوغان لە پشت ئەم پلانەوە بێت یان نا، بە کردەووە بووتە بەشێک لە پلانی پێشێلكردنی دیموكراسی و بهرتهسكردنهوهی ئازادییهكان و سەرکۆتکردنی نەیاران و مۆخاڵفانی حکومەتی ئاکەپە و شەخسی ئەردوغان.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا هەدەپە دەتوانێ لە بەرامبەر ئەم ڕەشبگیری و زیندانی کردن و دوور خستنەوەیان لە پارلمان و بە گشتی لە سیاسەت جارێکی دیکە خەڵک لە دەوری بەرنامەکانی خوەی موبیلیزە بکات یان کورد جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی دیکە پەنا دەباتەوە بەر چەک و شەڕێ چەکداری؟
ئایا پەکەکە و هەدەپە دتوانن لە سەنگەری جیاوازەوە فشار لە سەر تورکیا دروست بکەن، یان تورکیا بە بەهانەی پشتیوانی لە تروریزم و بە خەفەکردنی موبارزەی سیاسی کوردەکان و لە ڕێگای لەشکەرکیشی بو سەر پەکەکە و بە میلیتاریزە کردنی کوردستان دەتوانێ بە دەستەوە گرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بە سیاسەتەکانی خوەی بۆ ماوەیەک درێژە بدات؟
بە باوەڕی نووسەری ئەم دێڕانە حکومەتی تورکیا بڕیاری یەکلاکەرەوی داوە و لە تەواوی ئمکانیات و دەسەڵاتی خوەی بۆ دوورخستنەوەی هەدەپە و کورد لە پارلمان و موبارزەی سیاسی کەڵک وەردەگرێت و بە هەموو شێوەیەک تێدەکوشی جارێکێ دیکە هەدەپە نەتوانێ بە تێکوشان و مانووڕی سیاسی خوەی لانیکەم بە شێوەی پێشوو درێژە بدات.
هەڵبەت لە کەس شاراوە نیە کە ئەردوغان بە بانگنەهێشتکردنی هەدەپە بۆ ڕێپێوانی دژی کودەتا، ڕاستەوخۆ هەدەپەی خستە لیستی ڕەشەوە و بە ئاشکرا دژایەتی خوەی بو هەدەپە ڕاگەیاند.
چونکە هەدەپە لە سیاسەتی کلاسیکی کوردەکان کە هەمیشە بە شێوەیەک خوەێان لە دەنگی گەلانی دیکە بێبەشکردووە جیا کردەوە و بۆ بە هێزیکی سەرتاسەری و بازوی سیاسی کورد لە باکوور. هەدەپە بەم سیاسەتەی توانی دەنگی زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان و دەنگی بەشێک لە چەپ و لاینگران و دوستانی کورد لە تورکیا بۆ لای بەرنامەکانی خوەی ڕاکێشێ و ببێتە سێیەمین حیزبی سیاسی لە تەواوی تورکیا و دوومین حیزبی موخالفی حکومەتی ئاکپارتی لە پارلمانی تورکی. دوای نەچوونە ژێرباری هەدەپە بە گوڕانی دەستوور و جێگیرکردنی سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا، ئاکپارتی و شەخسی ئەردوغان هەدەپەی وەک هەڕشە بو سەر دەسەڵات و لە باربردنی خەونی سیستمی سەروکایەتی لە تورکیا دەزانی. دوای کودەتاکەی جولای مەوقعییەتی ئەردوغان لە نیو خەڵکی تورکیادا بە شێوەیەک چەسپا کە بتوانێ نەیاران و موخاڵفانی خوەی لە ڕێگای قانونەوە لە مەیدان وەدەر نەرێ و زیندانیان بکات. ئەردوغان بە دروستکردنی وەزعییەتی نائاسای و بە بەهانەی پشتیوانی لە کودەتا و بەبێگوێدانە پارلمان و یاسا و پێشێلکردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا خەڵکی تورکیای دەستەمۆ کردووە و کەس دەنگی ئێعترازی بەرز نابێتەوە. بێشک گرتن و فشارەکانی سەر هەدەپەش دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا لێکبدرێتەوە، چۆن لە ڕاستیدا مەوقعییەتی و دەسەڵاتی ئێستای ئەردۆغان زۆر باشترە لە کاتی پێش کودەتای جوڵای 2016. دیارە باسی ئەم وتارە ئەوە نیە کە هەدەپە دەبوایە دوای هەڵبژاردن چۆن لە ڕابتە بە پێکهێنانی حکومەت لە گەڵ ئاکپارتی مامەڵەی بکردایە و یان ئایا کارێکی دروست و عاقڵانە بۆ کە پەکەکە بە کۆشتنی ٢ پولیس بەهانەی بۆ شەڕی تورکیا لە گەڵ پەکەکە دروست بکات. بەڵام بۆ وڵامی پرسیاری پێشوو دەبێ ئەم حەقیقەتە قەبوڵ بکرێ کە بە گرتنی پارلمانتاران و سیاسەتمەداران کورد کەوتووتە قۆناغێکی دیکەی خەبات و دەبێ زۆر یەکگرتووانە بە پلانی هاوبەش لە گەڵ ئەم قۆناغەدا مامەڵە بکرێت. دەسگیرکردنی هاۆسەرۆکانی هەدەپە و ئەندامانی پارلمان و شەڕێ سوپای تورک لە گەڵ کورد و پەکەکە، ئەوە دەخوازێ کە گەلی کورد لە سەرتاسەری دونیا و زۆر بە تایبەت لە نێو کوردستانی تورکیا دەبێ گوشارەکانیان ئەوەندە لە سەر تورکیا زۆر بکەن، کە تورکیا بخاتە بەردەم واقعییەتێک کە دەسگیر کردنی چەند پارلمانتاری هەدەپە دەنگی ئەم گەلەی کپ ناکات و بەڵکۆ زمینەی سەرهەڵدن و ڕێپێوان و گوشار خستنە سەر تورکیای لە جاران زیاتر کردووە. هەر بویە بە باوەڕی من باشتر وایە کە پەکەکە زیاتر لە خوەی دیفاع بکات تا خوەێ بکیشێتە نێو شەڕێکەوە کە بە قازانجی دروسکردنی گوشار لە لایەن گەلەوە نیە. لە هەمانکاتدا دەبی گەلی کورد لە باکوور ڕێپێوانی سەدان هەزاری وەڕێبخەن و دەنگی گوشارەکان ئەوەندە بەرز بێت کە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە سەرتاسەری دونیا ببێتە باسی ڕۆژی میدیا و دەسەڵاتەکان. بەم شێوەیە دەکری دۆ پەیام بە حکومەتی فاشیستی تورکیا و کومەڵگای نێونەتەوەیی بگەیندری کە گەلی کورد لە لایەک لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی خوەیان پشتیوانی دەکەن و لە لایەکیتر ڕەشەکۆژی و دەسگیری چەن کەس لە ویست و داخوازییەکانیان بە چوکیاندا ناهێنێت و بگرە لە خەبات بۆ ئازادی و دێمۆکراسی زیاتر دڵگەرمیان دەکات. هەر بۆیە خەباتی گەلی کورد پێویستی بە دروسکردنی گوشاری ڕاستەوخوویە لە سەر تورکیا و ئەم گوشارانە لە ڕێگای چەکەوە دەچێتە خانەی ڕۆبەڕبونەوەی شەڕی نیزامی، نەک ڕوبەڕوبۆنەوەی دەسەڵاتێکی توتالیتر و فاشیست. ئەمە بەو مانایە نایەت کە پەکەکە نابێ دیفاع لە مەوجودییەتی خوەی بکات، بەڵام خەڵکی کوردستانی باکوور ئامادەگی ئەوەیان هەیە کە بڕژێنە سەرشەقامەکان و لە ڕێگای موبارزەی مەدەنی و خەباتی ڕاستەوخۆ وەزعییەتی سیاسی و ئقتسادی و ئعتباری نێودەوڵەتی تورکیا ڕوبەڕوی خەتەر و لەکەدار بکەن. ئەم سەرهەڵدانە ناۆخوییە پێویستی بە پشتیوانی کوردانی دانیشتووی وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت ئورووپا هەیە، هەربۆیە کوردی تاراوگە دەبی لە پرسپکتیڤی نەتەوەییەوە سەیری خەباتی گەلی کورد لە باکوور بکەن و یەک دەنگ و بە دروستکردنی کومیتەی دیفاع لە باکوور فشاری کوردی تاراوگە موبیلیزە بکەن و بە رێپێوان لە زۆربەی وڵاتان دەنگی ئعترازی باکوور بکەنە ڕوژەڤی باسی میدیا و وڵاتان.
مەنوچێهر عەزیزی